لە دەشتی مەندەمەرەوە بۆ سولی ئاڵی سێمان

لە هەڵکەوتێکی بەختیارانەدا بیست و هەشتەمین گەشتم بۆ وەڵات بە هاوسەفەری دۆستێکی خۆشەویست بوو کە ماوەیەکی دوورودرێژە دوورەوەڵاتە، کەفوکوڵی غەریبایەتی دۆست و عەشقی لەبن نەهاتووی من بۆ سروشتی کوردستان، گەشتێکی دووڕۆژەی بۆ کوێستانەکانی ئاکۆیەتی لێ زا.

پاش بڕیاردانم و بانگهێشتی دۆستانم بۆ گەشته‌که‌، پەیوەندیم گرت لەگەڵ کاک حەمەدئەمینی خدر ئاغا کە دۆستێکی خۆشەویستمە لە سەنگەسەر، گەشتێک بەرەو کوێستانەکانی ئاکۆیەتیمان بڕیار دا، هەر زوو دۆستم بەرنامەی گەشتەکەی ساز کرد و لاوێکی خزمی خۆشیانی وەک ڕێبەر بۆ گەشتەکەمان ئامادە کرد.

گەشتی ئەمجارەمان پێکهاتبوو لە کاک کاوەی دۆستی دورەوەڵات بە هاوەڵی دوو هاوڕێی و لە چیادۆستیشەوە لەبەر ناسازی کاتی گەشتەکە کە کاتی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ بوو، هاوکات خۆشم ئارەزووی جەنجاڵیم نەبوو، تەنها من و کاک پشدەر و کاک شەماڵ (ڕێبەرەکەمان) بووین.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 2011-05-15 لەسەر داوای کاک حەمەدئەمین هەموان لە سەنگەسەر کۆبووینەوە و نانی نیوەڕۆمان لەوێ خوارد، کە بەقسەی خۆیان نانێکی ئاسایی بوو، بەڵام لە شاردا گەر بە تایبەتیش بانگهێشت بکرێیت هەرگیز نانی وەها خۆشمەزە ناخۆیت، بەربەسێڵ (قوڕاو) نانی سەرەکی نیوەڕۆمان بوو. من زۆر نانی پژدەریانم خواردوە، سفرە و خوانی ئەوان بێ وێنەیە، پێم وایە هەم لەڕووی ڕێکخستن و ڕازاندنەوەی سفرە و هەم لە ڕووی بەتامی و جۆری خواردنەوە تا ئێستاش ئەو فەرهەنگەیان پاراستووە. پاش نانخواردن، کاک حەمەدئەمین ئۆتۆمبێلێکی بۆ ئامادە کردبووین و بە هاوەڵی خۆی بەڕێکەوتین بەرەو پشدەرەڕەقە، لە سەنگەسەرەوە بەرەو گوندی قادراوا و لەوێوە بە ڕێیەکی چەوڕێژی ناخۆشدا بە ڕووباری گاڕفێندا پەڕینەوە و یەکەم گوندی ئەم ناوچەیە گرتکە و پاشان بە گوندەکانی دیکەدا کە نێزیکە نیو سەعاتێکی خایاند، ڕێمان کرد.

سنووری پشدەرەڕەقه‌ (ڕەقە، مەبەست لە بێئاوییە) لە ڕووباری لای ڕۆژهەڵاتی سەنگەسەرەوە دەست پێدەکات، نێوان هەردوو ڕووباری ڕۆژهەڵات و گاڕفێنیش هەر بێئاو بووە تا ساڵی پەنجاکانی سەدەی ڕابووردوو کە پرۆژەی ئاودێری بۆ کراوە لە سەردەمی پاشایەتییدا و ئەم ناوچەیە بوەتە «بەراو» بۆ کشتوکاڵ. پشدەرە ڕەقە لەم گوندانە پێکهاتووە بە شارەدێی سەنگەسەریشەوە، «چۆمەسوتاو، تووەسوران، ئاشوران، بازاوا، قادرئاوا، گرتک، دووگۆمان، گەڵو (ماخۆبزنان- واته‌ بزندار، هه‌روه‌ها ده‌توانیت به‌ مه‌ڕداریش بڵێیت «ماخۆمه‌ڕ»، «ماخۆ» واته‌ خاوه‌ن)، دووپان، زەنگڵان، مه‌مەکان، جەلکان (دواوان)، پیرانان (بازان)»، سنووری چیاکانیش بەم شێوەیەیە، گەر لە سەنگەسەرەوە بەرەو باشوور بڕوانیت، لە دەستی چەپەوە لە دەربەندی ڕەمکانەوە شاخی کێوەڕەش دەست پێدەکات، لە باکووریشەوە لە گوندی «دەروو کۆتر» ەوە چەند چیایەکن کە درێژدەبنەوە بەم شێوەیە، «بەنەباریک، مالکە، پانەسەری دوگۆمان، خڕکە، پانەسەری مەمکان، ساوان، زێڕینکێو، موسۆن، دۆڵئاواژوو» ە. هەردووک ڕیزە چیا لە باکوور و باشوورەوە درێژ دەبنەوە بەرەو ڕۆژاوا تا لە گوندی «پیرانان» یەک دەگرن، لە نێوان ئەم دوو چیایەشدا دەشتێکی تەختی وشکە کە پێکهاتوە لە چەو و خاکێکی گەچین کە ئاو بەخۆی ناگرێت، لە پاش باران بارین هەموو دەشتەکە سپی دەچێتەوە (ئەم سەرنجەی دەربارەی پێکهاتەی دەشتەکە، مامۆستا مەسعوود محەمەد لە گەشتێکیدا بۆ پشدەر ئەم سەرنجەی گرتووە و لە کتێبی «گەشتی ژیانم» دا نووسیویەتی)، سەرلەبەری دەشتەکەش پێی دەگوترێت «مەندەمەرە».

ئێمە لە گوندی جەلکان پیادەبووین لە ماڵی دۆستێکی کاک حەمەدئەمین بە ناوی برایم کوردە. دواگوندی پاش جەلکان، پیرانانە لەم دەڤەرەدا، پژدەرەڕەقە بەشێکی لە عەشیرەتی ئاکۆییانی لێ نیشتەجێیە، کە ناسراون بە «ئاکۆڕەشکە». شایانی گوتنە ئەم دەڤەرە یەکێکە لەو ناوچانای کە بەدرێژایی مێژوومان لانکەی شۆڕشەکان بووە، بەڵام کە دەیبینیت وەک زۆر گوندەکانی دیکەی وەڵات هێشتا هەر لە ژیانێکی سەرەتاییدا دەژین، تەنانەت جادەیەکیشیان نیە بە جادان بچێت!!

ئه‌وجا، پێش ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بین له‌ گه‌شته‌که‌، با هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر پێکهاته‌ی «ئاکۆ ڕه‌شکه» بکه‌ین له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا. له‌ باوباپیرانه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ سێ برا هه‌بوون له‌م ناوه‌دا به‌ ناوه‌کانی «مه‌مند، به‌هادین، خه‌لیل»، که‌ ئه‌مڕۆ بوونه‌ته‌ سێ تیره‌ی جیاواز و به‌م ناوچه‌یه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش تیره‌کانی «مه‌نده‌مه‌ره‌ (له‌ مه‌مه‌نده‌وه‌)، باوه‌بی (له‌ به‌هادینه‌وه‌) و خه‌یله‌ (له‌ خه‌لیله‌وه‌)، مه‌نده‌مه‌ره‌، هه‌موو گونده‌کانی پشده‌ره‌ڕه‌قه‌ ده‌گرێته‌وه‌. باوه‌بی، گونده‌کانی «لێوژه‌، ئێندزێ، قڕناقه‌، پشتئاشان، بڕه‌دێ، شیوێ، ڕه‌ژی‌که‌ریان»، گونده‌کانی تیره‌ی «خه‌یله»ش، پێکهاتوون له «بۆڵێ، ئه‌ستێرۆکان، بایه‌وان، دوێڵێ، کۆمتان، خێوه‌بیان». تیره‌یه‌کی دیکه‌ش هه‌یه‌ له‌ سنووری لای ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌که‌ به «شارۆشی» ناسراون، سنووریان به‌ مه‌نگوڕایه‌تییه‌وه‌یه‌، گونده‌کانی «کاسکان، شارۆش، سینه‌مۆکه‌، ده‌رگه‌ی نێڵ، سوره‌دێ، ئاشقوڵکه‌، به‌ردی کوڕان، پرد مه‌مکه‌، ده‌رووکۆتر» ده‌گرێته‌وه‌. گوندی «سڵێ» ش به‌ته‌نها سه‌ر به‌ خانه‌واده‌یه‌که‌ که‌ به‌ «مه‌روان» ده‌ناسرێت، ئه‌مانه‌ ته‌نهان و له‌م گونده‌دا نیشته‌جێن، ده‌ڵین له‌ دێر زه‌ماندا، گه‌ر ئه‌م تیرانه‌ به‌شه‌ڕهاتوون، ئه‌مان مه‌سڵه‌تییان کردوه‌ («مه‌سڵه‌تی» واته «پێکهاتن»، خۆی وشه‌که‌ عاره‌بیه‌وه‌ و له‌ «مصلحة» وه‌ وه‌رگیراوه‌، پژده‌ر به‌ناوبانگن به‌ سازدان و کورداندنی وشه‌ له‌ زمانی دیکه‌وه، به‌ تایبه‌ت عاره‌بی‌).

بێینه‌وه‌ ناو گه‌شته‌که‌مان، لە ماڵی کاک برایم لەگەڵ ئەوەی هەموو ماڵیان پێچابووەو بەنیازی گەشت بوون بەرەو کوێستان، وەڵسات (مەڕوماڵات) یان پێش خۆیان بەڕێ کردبوو و بڕیار بوو خۆشیان ئەمڕۆ سبەی بچنە کوێستانەکانی قەندیل. ماڵەکەیان کەمێک بێسەروبەر بوو، بەڵام هەر زوو ماستاوێکی خەستوخۆڵیان بۆ هێناین و چاشمان کرد بەسەردا. پاش وچانێک ماڵئاوایمان لە شۆفێرەکە و کاک حەمەدئەمین کرد و کاک ئیبراهیمیش تا لە گوند دەری کردین لەگەڵمان هات بۆ ڕێنوێنی و پاشان بە قەدپاڵی چیاکەدا بەڕێ کەوتین بە پشت گوندی پیراناندا، و یەکەم پشوومان لە پشت گوندەوە له‌ «گۆڕە سمان» بوو کە تەختاییەکی زۆر ڕێک بوو لە ناو ئەو هەموو بەردەڵانیەدا. پاش قۆناخێک ڕۆیشتن کە نێزیکەی دووسەعاتێکی برد، گەیشتینە سەر «کانیە سمان»، لەوێ پشوویەکمان دا و دیسانەوە بە ناو دارستانێکی تا ڕادەیەک چڕدا ڕێمان کرد بەرەوە زینوێ (لەم ناوچانەدا کە لە شاخێک ئاوا دەبیت بەو شوێنە بەرزەی چییاکە دەڵێن «زینوێ»، لە ناوچەی پشت قەڵادزێ بە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێی دەڵێن «کەناڵ«، »زینوو» لووتکە نیە).  

لەگەڵ ڕێ ڕۆیشتندا تەماشای پاش خۆمان دەکرد کە چیای کێوەڕەشی پشتی ڕانیەیە کە بەرەبەرە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئێمەدا ئەویش نزم دەبۆوە، هاوکات وردە وردە شەپۆلێکی تۆزوخۆڵی چڕ هەڵی کردبوو، دیمەنی چیاکانی لێ دەشاردینەوە.

خزمینە، ئەم وەڵاتە پڕه‌ لە بەرخوردان و قوربانی، کە لە هەورازەکان بەسەردەکەوتین بەپشت گوندی پیرانانەوە، بە عادەتی خۆم هەمیشە لە دوای هەموانەوە دەڕۆم بۆ ئەوەی کەس جێ نەمێنێت و ئاگاداری ڕەوتی ڕۆیشتنەکە بم، لەو تەنهاییە و نەرمی هەنگاوەکانمەوە، قسەکانی کاک حەمەدئەمین تەواوی هۆشیان داگیرکردم، ئەوجا تۆش لەگەڵ من بفەرموو بۆ ئەم داستانە:

کات زەمانی مەلیکە و دەوروبەری ساڵی1957، خدر ئاغا کوڕی عەوڵای باوڵئاغایە، باوکی کاک حەمەدئەمین براگەورەی تەواوی «مه‌نده‌مه‌ره»یه‌، کە دەکاتەوە هەموو پشدەرەڕەقە و له‌ ناو ته‌واوی ئاکۆیه‌تیشدا زۆر ڕێزلێگیراوه‌. بەهۆی ژێرئاوکەوتنی گوندەکان، کە بەشێکی زۆر لە خاکی گوندەکانی ئاکۆیەتییشی گرتەوە، دەوڵەت پەیوەندی بە براگەورەکانەوە دەگرت بۆ بژاردنی ئەو خاکانەی ژێراوکەوتوون، بژاردنەکەش پارە بوو. کە نۆبەت دەگاتە خاکی ئاکۆیان، بەرپرسی کارەکە لەگەڵ قائیممەقامی ڕانیە، مودیری ناحیەی سەنگەسەر و بەڕێوەبەری پۆلیس دێنە خزمەت خدر ئاغا، پاش نانخواردن، بابەتەکەی بۆ باس دەکەن و داوای لێ دەکەن کە بەزیادەوە ئەو خاکەیان ژێرئاو دەکەوێت بینووسن و تا ئەمانیش قەرەبوویەکی باشی بۆ بنووسن، باسەکە زۆر لەبار دەبێت تا دێتە سەر باسی مەرجەکان، ئەو کات خدر ئاغا نایسەلمێنێت. مەرجەکەش ئەوە دەبێت کە تەنها خدر ئاغا و دەست و پێوەندەکەی دەبێت لە لیستی قەرەبوەکاندا بن واتە تەنها «مالیک«ـەکان ناویان دەنووسرێت و جوتیارەکان هیچ!!، خدر ئاغا باسی خەڵکە هەژارەکەیان لەگەڵ دەکات، بەڵام دەسەڵات نایسەلمێنێت و قسەی بێسەر و بەریش دەکەن، خدر ئاغاش زۆر مەردانە لێیان دێتە دەست و هەموویان چەک دەکات و بەڕوونیش تێیان دەگەیەنێت گەر هەمووان لە لیستی ناوەکاندا نەبن، ئەوا ئەمیش نایەوێت. دەسەڵات دەگەڕێتەوە ڕانیە و فەرمانی دەستگیرکردنی خدرئاغا دەدرێت، جگە لەوەی بەرپرسی پرۆژەکە سوێند دەخوات کە ناوی ئاکۆییان لە لیستدا بسڕێتەوە، قسەکەشی هەروا دەرچوو.  

خدر ئاغاش بە ناچاری و تەنها دەداتە چیا و چەند ساڵێک تا بەرپابوونی شۆڕش هەر لە چیا و لە دەسەڵات یاخی دەبێت. ئەوەی من ئاگاداری مێژووی ئەو کاتە بم، ئەم پیاوە تاکەکەس بوو کە غەدری خزمانی خۆی نەسەلماند، بە بەرچاوانەوه‌ چەندین براگەورەی دیکەی ناوچەکە وەهایان کرد کە دەسەڵات دەیویست و بۆشیان چووە سەر.

لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕش، خدر ئاغا بەوپەڕی شانازییەوە و بەهەموو خزمانی ئاکۆیەتییەوە بەشداری شۆڕش بوو، لە تەواوی ئەو پازدەساڵەدا، یەکێک بووە لەو کەسانەی کە قسەی لای مەلا مستەفای بارزانی نەگەڕاوەتەوە و بێوەستان سەرەدانی کردوە. هاوکات لە دڵسۆزیشدا هاوشانی کەم بووە.  

خدرئاغا لەدایکبووی ساڵی 1909 یە، پاش ڕووخانی شۆڕش، لەگەڵ ئەوەی چۆتە تەمەنەوە بەڵام هەر چەکی دانەناوە و لە ناوچەکەی خۆیدا و لەگەڵ خزمانیدا هەر بەردەوام بووە لە خەبات، تا لە  20-10-1978 دا بەیانییەکی زوو لە گوندی پیرانان دەبن لەگەڵ کاک حەمەدئەمینی کوڕی و دووکەسی خزمیدا، هەواڵیان دەگاتێ کە دەوریان بە عەسکەر گیراوە، ئەمانیش بێدەنگ تاریک و ڕوون دەبێت و دەیانەوێت لە گوند دەربچن، پاش شەڕێکی قارەمانانە، لە سەرووی گوندەکەوە و لە نێزیک ئەو ڕێیەی کە ئێمە پێیدا دەڕۆین، خدر ئاغا لە تەمەنی شەست و نۆ ساڵیدا شەهید دەبێت بەڵام هاوەڵەکانی هەر کۆڵ نادەن تا تەرمەکەی ڕزگار دەکەن. ئەم پیاوە قارەمانە، دەبێت بەتایبەتی سەرگوزەشتەکانی بنووسرێتەوە تا نەوەکانی داهاتوو هەم ڕێزی ڕابووردوی خۆیان بزانن و هەم لەمانیشەوە فێری بەخشین و دڵسۆزی ببن.  

بەم خەیاڵە پڕ جۆش و خرۆشەوە ڕێم دەکرد و کە ماوەیەک تێپەڕین گەیشتینە «تاڵیتۆس» (جۆرە گیایەکە، بەڵام بەم شوێنە دەڵێن، چونکە ئەو جۆرە گیاییەی لێیە)، پاشان نێزیکی زینوی گوێزێ بووینەوە،‌ ئەوجا سێرەم لە ڕێیەکە گرت و بیرێکیشم گێڕایەوە بە تەواوی ئەو ڕێیەی بڕیبوومان بۆم دەرکەوت کە ئەم ڕێیە لە دێرزەماندا ڕێی سەرەکی نێوان باڵەکایەتی و پشدەر بووە چونکە پانی و تەختی و ڕێکی ڕێگەکە ئەم ڕاستییە پێشان دەدات.

لە کاتی سەرکەوتندا چەند وەڵاخەبەرزەیەکمان بەرەوڕوو دەبوونەوە بەڵام بەتەنها بوون، کورتانی ئاڵاوواڵایان پێوەبوون کە لە دوورەوە سەرەنجی ڕێبوارانی ڕادەکێشا، بە ئاسپایی و بێترس لێمان ڕەت بوون و پاش کەمێکی دیکە گەیشتینە کۆمەڵێکی دیکە کە کچۆڵەیەکی جوانی بەسەرەوە بوو، بەدەم ڕۆیشتنەوە سڵاومان گۆڕییەوە و پرسیارمان لێکرد، وەڵامی داینەوە کە کۆچیان بردوە بۆ کوێستان و ئێستاش دەگەڕێنەوە. پاش کەمێکی دیکە بە کۆمەڵێک پیاو و کوڕی لاو گەیشتین کە پیادەبوون، زۆر گورجوگۆڵ لەشسووک، کەمێک پێکەوە وەستاین و ئێمە خۆمان ناساند و کەمێک پرسیاری ڕێمان کرد، کاک شەماڵ خۆی خەڵکی ئاکۆیەتیی دۆڵەڕەقەیە، هەر زوو لێمان بێگومان بوون. ئەوەی ڕاستی بێت کە دەچینە چیا هەموو جار توشی ئەو گومانە دەبین لەلایەن ڕێبوارانەوە، چونکە ئێمە هەموو کۆڵەپشتی گەورەمان بە شانەوەیە و هێواش هێواش ڕێدەکەین، ئەوانیش ئەم جۆرە مرۆڤانە بۆیان نامۆن، بەڵام هەر کە کەوتینە قسە زوو گومانیان دەڕەوێنینەوە و کەمێک بە خۆشی سروشت و ناوچەکەدا هەڵدەدەین، بەڵام بۆ ئێمەی شاری وەهایە، ئەوان زۆر لەو ژیانە بێزارن، هەقیشیانە زۆر سەختە!!.

دۆستان کەمێک پێش من گەیشتنە زینوێی گوێزێ و لەوێوە چیای قەندیل و ئەو دۆڵەی کە بەرەو گوندی «ئێندزێ« لە بناری قەندیل شۆڕ دەبێتەوە دیارە لەلایەکەوە، لایەکەی دیکەش دۆڵێکی چڕ و پڕ بە داری هەمەجۆر، هەتا چاو بڕ دەکات هەر سەوزە، بەڕاستی دڵبەرە. له‌ هه‌ندێک شوێنی ئه‌م ڕێیه‌دا به‌ ناو داری چڕی هه‌مه‌جۆردا ڕێده‌که‌یت، فه‌رموون ئه‌مه‌ش هه‌ندێک له‌ ناوی ئه‌و دارانه‌، «مازوو، لێڵو، به‌ڕوو، سۆره‌دار (ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ به‌ڕوو، به‌ڵام ڕێک و به‌رزه‌)، کنێر (بۆنی زۆر خۆشه‌ و بۆ گۆچان به‌کاری دێنن)، گۆیژ، بناو (تایبه‌ته‌ بۆ دروست کردنی گۆچان)، داره‌به‌ن (داری قه‌زوانه‌، له‌ کاتی سه‌رکه‌وتندا داره‌کان هێشتا قه‌زوانی فه‌ریکیان پێوه‌بوو، گوندنیشینان ده‌یکه‌نه‌ دۆ و ماستاوه‌وه‌، له‌ شاریش بۆ ناو ترشیات به‌کاری ده‌هێنن)، گه‌وه‌ت (ئه‌م جۆره‌ داره‌ له‌ کۆندا ده‌فر و پێخۆریان پێ دروست ده‌کرد، پێخۆر، به‌ که‌وچک و چه‌تاڵ و ئه‌م بابه‌تانه‌ ده‌ڵێن).

لە «زینوێی گوێزێ» وە هەر قۆناخێکمان دەمێنێت و بۆ هەواری یەکەم، بەدەم گۆرانی گوتنی کاک شەماڵەوە بە قەدپاڵی چیادا ڕۆیشتین و کەوتینە کوێستانەوە، بۆ من دیتنی درەخی «گەون/گوێنی» یەکەم پێشوازییە لە کوێستانەوە. پاش کەمێک ڕۆیشتن ئەوجا کەوتینە ناو بازنەچیایه‌که‌وه‌ کە هەرچوار لا بە لووتکە بەرز دەورە درا، کەمێک شۆڕ بووینەوە بەرەو دامێن، لە دوورەوە ڕەشماڵەکانمان دەدیتن و ئێرەش بە کوێستانی «وێج« ناسراوە، لێرەش بە ڕەشماڵ دەڵین «تاوڵ».

ئێوارەیەکی تاریکوڕوون و چڕی خۆڵبارین، دونیای کەمێک لێڵ کردبوو، لەگەڵ ئەوەی لە کوێستاندا ئەو کاریگەریەی نیە بەڵام هەر کەمێك لێڵ بوو، چەند ڕەشماڵێکمان تێپه‌ڕاند کە دەکەوتنە لای خوارمانەوه‌، سڵاومان لە چەند دانەیەکی دیکەش کرد لەسەر ڕێمان تا نێزیکی دواهەمین ڕەشماڵ بووینەوە، پیاوێکی گەنجی سوروسپی و کەمێک بۆربوو بە خۆڵ و هەتاوی کوێستان، بەرەوپیرمان هات و بەڕوویەکی زۆر خۆشەوە ڕێی لێ گرتین، وا دیاربوو خێزانێکی گەورە بن چونکە منداڵێکی زۆر لە هەموو تەمەنێك لەبەر ڕەشماڵەکەدا لە ئێمەیان دەنۆڕی. کابرایەکەش ناوی کاک ئیسماعیل بوو، سەرەتا ئێمەش لەبەر ماندووبوونی ڕێگە ویستمان بە سڵاوێك ڕزگارمان بێت و بچینە جێیەک دابمەزریین، بەڵام بێ سوود بوو، گوتی »تا نەزانین ئێوە کێن و چ کارەن ناهێڵین بڕۆن، خۆ ئێرە وەڵاتی بێ حکوومەت نیە ... !!« ئافەرین چیانشین، وەڵاتپارێزیت ئەوەندە بەرزبێت نەهێڵیت هیچ کەسێک بێ پرس لە ناوچەکەتدا تێپەڕێت.

کە زانیم مەسەلەکە جیدییە ئیدی لێی نێزیک بوومەوە و لەگەڵ کاک شەماڵدا کردمانە شۆخی لەگەڵ کاک ئیسماعیل و خۆمان بە دروستی پێناساند، ئەویش زۆری لێکردین کە مێوانی ئەو بین بەڵام نەمانسەلماند، هەر لە جێی خۆیەوە دەستی درێژ کرد بۆ سول (تاڤگە) ێکی بچووک کە سەد مەترێک لە خۆیانەوە دووربوو، گوتی « لە هۆو چەقەڵە هەڵدەن، تەنها ئەوێ تەختانیە»، تومەز لەم ناوچەیە بە کۆمەڵە بەردێک کە کۆ بووبێتەوە و وەک بڵێی هەڵتۆقیبێت دەڵێن »چەقەڵ«، ئێمەش یەک لە دووی یەک بەڕێکەوتین بەرەو جێی هەوارمان، کاک شەماڵیش بەدەم قسانەوە سەتڵێک ماستی لە خزمان وەرگرت بۆ ناشتا (نانی بەیانی)، هەر زوو چادرمان هەڵدا و لە سولەکە خۆمان فێنک کردەوە و نانمان خوارد، ئەوجا لە ژێر ئاسمانێکی نیوە ڕوون و نیوە لێدا خەوێکی وەهامان لێکەوت کە بەیانی بە زەحمەت بەخەبەر هاتین. دمەو بەیانییەکی زۆر زوو بوو، دەنگی زەنگۆڵەی وڵسات (مه‌ڕوماڵات) دەهاتن، هەرچیم کرد نەمتوانی لە چادر وەدەرکەوم و وێنەیان بگرم. ئەوجا هەستم کرد کە لە مێژە وەرزشی دروستم نەکردوە، بۆیە بەڕۆیشتنێکی وەها ئاسان و کەم شەکەت بووم.

سەرلەبەیانییەکی درەنگ یەک لە دوی یەک لە خەو هەستاین و نانمان خوارد، ئەوجا بار و بارخانەمان کۆکردەوە و بە ئومێدی ڕێکەوتن بۆ کوێستانە ساردەکانی »بێرمکە«، لە خۆ پێچانەوەدا بووین کە کاروانی دیکە لە گوندی پیرانانەوە گەیشتنە لامان و تێپەڕین، دوا کاروانیان کە ژنێکی کامڵ و کچێکی لاو کە هەردووکیان سوارە بوون لەگەڵ لاوێکی ڕشت لە سەرچاوەی سولەکە لایان دا بۆ ناشتا، سەرچاوەی سولەکەش «کانی دەنگالێ« یە. پاش کەمێک شۆخی و دەمەتەقە لەگەڵ خانمەکەدا، لە پەناوە و بە خواستی کاروانچی، دۆستانمان جانتایەکی شانیان دا بەکۆڵی یەکێک لە وەڵاخەکاندا بەمەبەستی گەیاندنی تا سەر لووتکە، دۆستەکەمان ناحەقی نەبوو جانتاکەی زۆر به‌دبار (ناقۆڵا) بوو.  

نەرم نەرم دەستمان کرد بە ڕێکردن، ئەوجا وڵسات لە لووتکەوە بەرەو دامێن بۆ ئاودان شۆڕ دەبوونەوە، زۆر سەیر بوون، ئەمە یەکەم جار بوو کە بزنی لەو هەموو جۆر و ڕەنگەم دیتبێت، ئەوەندە چوست و چالاک بوون هەر نەبێتەوە، کە دەگەیشتنە ئێمە، هەموو بە توڕەییەوە تێمان ڕادەمان، پاش کەمێک کە دڵنیا دەبوون ئەوجا تێدەپەڕین. ئەمەش ناوی هەندێک جۆری بزن، «کوور (بزنی سپی، به‌بزنی یه‌کساڵه‌ش ده‌ڵێن)، مەرەز (بزنی قاوەیی مەیلەو بۆز)، جەنگێڵ (شینی قەزوانی)، مانی، قۆچپان، قوتە، گۆڵ (بزنی ڕەش)، بزنە پەل«، هه‌ندێک زانیاریم ده‌رباره‌ی ناو و ته‌مه‌نه‌کانی مه‌ڕ و بزن و مانگام وه‌رگرت، فه‌رموون ئێوه‌ش له‌گه‌ڵ من پێکه‌وه‌ ناوه‌کانیان به‌سه‌ر بکه‌یه‌نه‌وه،

بزن، پێی ده‌ڵێن «ڕه‌شان»‌، نێره‌وه‌ز (واته‌ نێره‌که‌ی) که‌ له‌ دایک ده‌بێت «کاریله» یه‌، پاش سێ مانگ ده‌بێته‌ «گیسک»، که‌ ته‌مه‌نی ده‌گاته‌ ساڵێک ده‌بێته‌ «کوور»، ئه‌وجا گرێ و پاشان قه‌یره‌، یان نێری.

مێیه‌که‌شی، ده‌بێته‌ «چێشتیر» پاشان «به‌ربادوو» یان «بواردوو».

مه‌ڕ، نێره‌که‌ی «به‌رخ» ـه‌، ئه‌وجا «کاوڕ»، «کاوڕه‌به‌ران»، خه‌رت.

مێێه‌که‌شی، پاش «به‌رخ»، ده‌بێته‌ به‌ردیل، ئه‌وجا مه‌ڕ.

بۆ مانگاش، گه‌ر گوێی په‌ڵه‌ی زه‌ردی پێوه‌بێت، لووتی سپی بێت و خه‌تێکی ڕه‌ش له‌ ملیه‌وه‌ درێژ بووبێته‌وه‌ بۆ سه‌ر کلکی، که‌مێکیش له‌و ڕه‌شاییه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌کانیدا هاتبێته‌وه‌ خواره‌وه‌، پێی ده‌ڵێن «مانگا زه‌رده» ئه‌م جۆره‌ مانگایه‌ زۆر ڕه‌سه‌نه‌ و شیری خۆشه‌. ئه‌وجا ناو بۆ ڕه‌نگی جیاوازی مانگا هه‌یه‌، وه‌ک، به‌ڵه‌ک، ڕه‌ش، به‌ڵه‌کی سوور، ڕه‌شه‌، سووری چاوڕه‌ش (ئه‌م جۆره‌یان زۆر نایابه‌)، مانگا شینه‌، قه‌شان (واته‌ په‌ڵه‌ی سپی به‌ نێو چه‌وانیه‌وه‌ بێت، ئه‌م جۆره‌ له‌ ناوچه‌ی پێنجوێن و گه‌رمیان پێی ده‌ڵێن «مارۆ»).

باسه‌که‌مان له‌ ناو ئاژه‌ڵدایه‌، ده‌رفه‌ته‌ باسێکی وه‌ڵاخه‌به‌رزه‌ش بکه‌م که‌ له‌ ده‌می زمانی پشده‌ره‌ڕه‌قه‌وه‌ وه‌رم گرتووه‌، ئه‌م کۆێستاننیشینانه‌، ئه‌سپ و ئێستر به‌کاردێنن بۆ کۆچ و ڕاگواستن، هه‌ندێک جۆر و سیفه‌تی تایبه‌ت هه‌یه‌ که‌ له‌ ئه‌سپدا هه‌بێت ئه‌وا ڕه‌سه‌نایه‌تی پێشان ده‌دات، سه‌ره‌تا هه‌ندێک له‌ جۆره‌کانی ئه‌سپ باس ده‌که‌ین، ئه‌سپه‌شێ (سووره‌)، سپی (ڕه‌نگی بۆره‌)، کوێتی (سووری تاریک)، سوورخون (شین و زه‌ردی کاڵی تارک)، شینی تاری، کوێتی قاپ ڕه‌ش (قاپ، واته‌ له‌ ئه‌ژنۆ به‌ره‌وخوار)، شینکی (ڕه‌ساسی). ده‌ڵێن نیشانی ڕه‌سه‌نایه‌تی ئه‌سپ ئه‌مانه‌ن، سمی پان، گوێی گچکه‌، ملی کورت، جومگه‌ی پێیان، واته‌ نێوان سم و قاپ سێ په‌نجه‌ بێت، چونکه‌ زوو ماندوو نابێت، پشتی کورت، کلکی به‌رز، سنگی پان.

بگه‌ڕێینه‌وه‌ ناو وڵساته‌کان، که‌ گه‌یشتنه‌ نێزیکمان و ئێمه‌ش ڕاوه‌ستاین و ده‌ستمان کرد به‌ وێنه‌ گرتن، پاشان یه‌ک له‌ دوای یه‌ک چوینه‌ لای شوانه‌کان، یه‌کێک له‌وان کاک ئیسماعیلی دوێنێ ئێوارە بوو، هەر ئەو بوو بەیانی زوو ماڵاتی بردبوو بۆ لەوەڕاندن. تا من گەیمە لایان، کاک شەماڵ کە خەڵکی ئاکۆیەتی ئەو دیوە (ئاکۆیان دوو بەشی سەرەکین، یەکیان لە سەرکەپکانەوە تا کۆتایی دۆڵەڕەقە کە سنووری لەلایەک بە باڵەکایەتییەوە و لایەکی دیکەشی خۆشناوەتی، به‌شه‌که‌ی دیکەش «ئاکۆڕەشکەن» کە دەکاتەوە هەموو پشدەرەڕەقە و تا سنووری مه‌نگوڕایه‌تی و هه‌موو ناوده‌شت (که‌ ده‌کاته‌وه‌ بناری قه‌ندیل)، سنووری کوێستانەکانیان ئەو شوێنە بوون کە ئێمەیان گەیشتینێ). لەگەڵ کاک ئیسماعیل و هاوڕێکانی دەستی کردبوو بە دەمەتەقێ و شۆخی سەبارەت بە ئەم خاکە هی ئێمەیە و ئێوه‌ بۆتان نیه‌ بێنه‌ ئێره‌ و ده‌بێت باج بده‌ن و ئەو بابەتانە، هەردوولا زۆر کەیفییان بەو قسانە دەهات و مشتومڕ زۆر بوون، دەیانگەڕاندەوە بۆ ئەوەندە ساڵ پێش ئێستا و ئەم کوێستانانە خاکی فڵان بوو، ئەو دای بەوی و ..... خولاسە هەر پێدەکەنین و درێژەیان دەدایێ. کە من گەیشتمێ و پاش وچانێک، هەموانم بێدەنگ کرد و ئەوجا کامێرام هەڵکرد بۆ ئەوەی کەمێک زانیاری لەسەر جوگرافیای ناوچەکە و گژوگیا وەربگرم، ئەوجا فەرموون ئێوەش لەگەڵ من ئەم ناوە نازدارانە ببیستن،

لە گژو گیا، بێژان، شەکرۆک، کەنگر، گوێکەرە، گەڕەستری (خۆی «کەڕە ئەستری«یە کە لێکدراوە دەنگی «ئە« نەماوە، «ئەستری« لە ئاکۆیەتی و باڵەکایەتی بە «دڕک« دەڵێن، گوندێک لە نێوان سەرکەپکان و حاجیاوادا هەیە کە دەشتێکی پڕ دڕکە بە «ئەستریلاند« ناودەبرێت، ئەو پاشگر «لاند«ـە لەوە دەچێت ئینگلیزەکان ناویان نابێت چونکە دەبێتە «شاری یان وه‌ڵاتی دڕک«، هەروایشە. ئەم جۆرە گیایە لای ئێمە (ناوچەی سروچک و پێنجوێن) بە «کەرتەشی« ناودەبرێت.

بێینەوە بۆ ناوی گژوگیاکان، شلاق، تیروێ، چەقال، تاڵیشک، چه‌وان، بەڵاڵوک، جاترە، تەرخون، کەرکۆڵ، بیزا ،کەما و چەورە (ئەم گیاییە زۆر سەوزە و خۆراکێکی باشە بۆ وەڵاخەبەرزە، خاوەنەکانیان دەیکەنن و عەمباری دەکەن بۆ وەڵاخەکانیان)، قوڕادە، ئەم گیایە دەکرێتە پەنیرەوە جگە لەوەی کە پێستەی پێخۆش دەکرێت.

شوێن و لووتکەکانی دەورووبەر، سێبەن، شاخی دەنگاڵێ، چەقەڵی کونە گورگێ، قوچی ئاشێڕ (ئەم ناوە لە ئاش و هاڕینەوە هاتووە)، باسکی لاپاڵان، زینوێی باڵەکان، شاخی هەرزاڵە (وشەی هەرزاڵە بە شوێنێک دەڵێن کە چاک دەکرێت و لەسەری دادەنیشن و بنەکەشی شتی تێدا کۆدەکەنەوە).                کانیەکانی کوێستانی «وێج« ئەم ناوانەن، کانیە قوڕە، کانیە سین (له‌ دێرزه‌ماندا، گه‌ر که‌سێک تای هه‌بووبێت، ئاوی ئه‌م کانیه‌ی خواردۆته‌وه‌ وه‌ک چاره‌سه‌ر)، کانی دۆدان (مەشکەیەکی بچوکە دۆی تێدەکەن، ئەم وشەیەش وەک، شەکردان، خوێدان، ...هتد، ئه‌ی بۆ «ئاودان» له‌ جێی دۆلکه‌ یان سولاحی به‌کارنه‌یه‌ت؟؟!!)، کانی دەنگاڵە، کانیە جیفرێ، کانی بادەڵە، کانی پیرە بانە.

نەرم نەرم بەرەوە لوتکەی »سێبەن« بەڕێ کەوتین، بۆیە «سێبەن«ی پێی دەڵێن، چونکە لەو شوێنەوە هەر سێ ناوچەی ناودەشت، دۆڵەڕەقە و پشدەرەڕەقە دیارە. کە گەیشتینە سەرێ چ دیمەنێک، لە لایەک چیای قەندیل و هەموو دۆڵەکانی بنارەکە و بەرەو باڵەکایەتی، لەم لاشەوە نیوبازنەی دۆڵەڕەقە و ئەوجا درێژ دەبێتەوە هەتا زینوێی وەرتێ کە سنوورە لەگەڵ چیای کارۆخ، بەرانبەر بە کەمێک بەلای دەستی چەپەوە، چیای «بێترخێن« وەک پڵنگی مەیدان ستوون ڕاوەستاوە و چاودێری هەموو دۆڵەکە دەکات تا دەگاتەوە دەریاچەی دووکان، لە گەشتێکی ساڵی 2008  دا هەڵوەستەیەکمان لەو دەرووەی نێوان هەردوو چیای بێترخێن و ماکۆکدا کردوە، وای کە دڵگیرە. لە لای ڕۆژاوا بەلای دەستی چەپەوە چیای «ماکۆک» هاوتەریبە، دیمەنێکە مەگەر بە چاو بیبینێت دهنا هیچ قەڵەمێک وەسفی ئەو جوانیە ناکات، ئەوە ئەمساڵ لە گەشتەکەی پیرەمەگرووندا کە گەیشتینە نێوان هەردوو لووتکەی کۆتایی بە دیوی گوندی »زێوێ«دا، لەو شێوە دیمەنە نیوبازنەیەمان دیت بەڵام بە شێوەیەکی تەواو جیاواز، بەڵام هەردووکیان دڵفڕێنن.

پاش کەمێک ڕامان و چاوگێڕان و سوڕان بەو سیحرەدا پشوویەکمان دا، کاکە شەماڵ ڕێیکەی پێشان داین لە خوار خۆمانەوە کە بە «دەرودەڵاڵ« ناودەبرێت و ڕێیەکە بەرەو کوێستانەکانی دۆڵەڕەقە شۆڕ دەبێتەوە. ئەوجا دەستمان کردوە بە ڕێکردن بە قەدپاڵی چیادا کە کوێستانشینەکان بەو شێوە ڕێگەیە دەڵێن «گەوە«، دەڵێن فڵان ڕێگە گەوەیە، واتە بە ئاسۆیی بە قەدپاڵی چیادا دەڕۆیت، بەرەو کوێستانەکانی «بێرمکە«. پاش قۆناخەڕێیەک کە سەعاتێکی خایاند وردە وردە بەرەوە هەوراز بووینەوە و تا لە دەروویەکەوە چوینە ناو «بێرمکە»، سەرەتا بە چاڵەبەفرێکی گەورە دەستی پێکرد ئیدی بەرفرەوان بوو. سروشتی ئەم شوێنە بەرزانە زۆر جیاوازە لە جێی دیکە، چونکە ساڵانە نێزیکە هەشت مانگێک بە بەفر داپۆشراوە، هەموو خاک و بەردەکەی ڕەنگەکەی جیاوازە وەک ئەوەیە کە سەرما سوتاندبێتی، بەردەکانیشی لە شێوەی بەردی بورکانیدا. تەنانەت ڕەنگی گژوگیاش لێرە جیاوازە.

لە یەکەم چاڵە بەفر وەستاین و دەبەی ئاوەکانمان پڕ بەفر کرد چونکە لە ڕێدا ئاومان پێنەمابوو، «کانی دەنگالێ« دوا کانی بوو، ئیدی لێرە تاکە ڕێگە بۆ وەدەستهێنانی ئاو، توانەوەی بەفرە، هەر لەبەرئەوەشە مەڕدارەکان چاڵی گەورەی یەک مەتر یان کەمێک زیاتر هەڵدەکەنن و پانایەکەشی هەمان پێوانە، ئەوجا نایلۆنی لێ ڕادەخەن و سەرەکەی دارەڕا دەکەن، بەفر لە چاڵەبەفرەکان بە مشار دەبڕن و دەیخەنە سەر دارەڕایەکە تا بە تیشکی خۆر بتوێتەوە، ئەو ئاوە بۆ خۆیان و ماڵاتەکانیان بەکاردەهێنن. چاڵەبەفرەکان بە گیای «چەورە« دادەپۆشن بۆ ئەوەی نەتوێتەوە. کاکە شەماڵ هەر زوو کتلی لێ پڕ کرد و چای دەم کرد، بە دەم ماندووبوونی ڕێگەوە چایەکی خۆشمان خوارد و ئەوجا دەستمان کردەوە بە ڕۆیشتن. کاکی خوێنه‌ر، گه‌ر ڕێت که‌وته‌ کوێستان و ناچاری به‌فر تواندنه‌وه‌ بوویت، لات سه‌یر نه‌بێت هه‌رگیز تینویه‌تیت به‌ ئاوی به‌فر ناشکێت، هه‌ر ده‌خۆیته‌وه‌ و ئاره‌زووی خواردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌که‌یت!!.

به‌رزترین خاڵ له‌م چیایه‌دا 2.458 مه‌تر به‌رزه‌ له‌ڕووی ده‌ریاوه‌، سروشتی سەر ئەم چیایانە بە جۆرێکە کە ماوەیەک تەختاییەوە ئەوجا دەبێتە چاڵی گەورە، هەمووی بەو شێوەیەیە، هەر بۆیەشە پێی دەگوترێت »بێرمکە«. لە ناوچەی برادۆست و باڵەکایەتیش بە شوێنێک کە ئاوی تێدا کۆبێتەوە لە کوێستان و گۆمی گەورە دروست بکات پێی دەڵین «بێرم«. هەر سێ گۆمە گەورەکەی بناری چیای هەڵگورد لە چیای حەسارۆست بە »بێرمی باڵەک« ناسراوە.

به‌و چاڵانه‌ش که‌ ده‌ست ده‌دات بۆ تاوڵ (ڕه‌شماڵ) هه‌ڵدان ده‌گوترێت «گۆڕ» یان «گۆڕایی»، وشه‌یه‌کی دیکه‌ش هه‌یه‌ پێم وایه‌ جێی خۆیه‌تی که‌ باسی بکه‌م، ڕۆژێکیان له‌گه‌ڵ کاک حه‌مه‌دئه‌مین وه‌ستابووین له‌ ده‌م زێی بچووک، شوێنه‌که‌ دڕک و داڵی زۆری لێ بوو، کاک گوتی، ئه‌م جێیه‌ «پێوار» نیه‌، منیش هه‌ر زوو پرسیارم کرد له‌ واتای وشه‌که‌، وه‌ڵامی دامه‌وه‌ که‌ ئه‌م جێیه‌ ده‌ست نادات بۆ گه‌ڕان به‌ ناویدا له‌به‌ر دڕک و داڵ، هه‌ر زوو موچڕکه‌م پێداهات بۆ ئه‌م هه‌موو وشه‌یه‌ی که‌ له‌ پشده‌ردا هه‌یه‌ و ئێمه‌ لێی بێئاگاین!!، خزمینه‌ ده‌بێت چ وشه‌یه‌ک هه‌بێت که‌ ڕزگارمان بکات له‌م وشه‌ پێکه‌وه‌نانه‌، فه‌رموون ئه‌مه‌ش نموونیه‌ک، له‌ زمانی ڕۆژاوایدا «هاندیکاپ» له‌ کوردیشدا سێ وشه‌ لێکدراوه‌ بۆی و بوه‌ته‌ «خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت»، نموونه‌ی سه‌دانی دیکه‌ش هه‌یه‌!!، له‌ مێژه‌ له‌ پژده‌ر به‌ «رد فعل» ده‌ڵێن «به‌رته‌ک» ئه‌مه‌ش له‌ شه‌ڕه‌ قۆچی ماڵاته‌وه‌ هاتووه‌، هه‌ر زوو کۆڕی زانیاری کورد وشه‌ی «کاردانه‌وه» ی لێ وه‌رگرت بۆ زاراوه‌ زانستیه‌کان، به‌ڵام تازه‌ به‌تازه‌ تێخوێندووی ئه‌مڕۆ بێئاگایانه‌ وشه‌ی «په‌رچه‌ کردار» یان داتاشییوه‌ و زۆر ئازایانه‌ش له‌ مێدیاکاندا به‌کاری دێنن!!.

بێینه‌وه‌ بۆ وشه‌ی «پێوار»، «وار» له‌ به‌ری زێی بادینان به‌ «شوێن» به‌کار دێت، له‌ کورده‌واریشدا کۆمه‌ڵێک وشه‌مان هه‌یه‌ که‌ به‌ «وار» کۆتایی دێت، وه‌ک، «جێوار (شوێنی هه‌ڵدانی ڕه‌شماڵ)، پێوار، لێوار، شینوار، به‌روار (به‌ جێی خوار ڕه‌شماڵ ده‌گوترێت، به‌ڵام له‌ به‌ری سۆران له‌ بری (ڕێکه‌وت یان مێژوو) ڕۆیشتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه»، زۆر سه‌یره‌ وشه‌ی «شوێنه‌وار» یش له‌ کوردیدا جێی گرتووه‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ دوو وشه‌ی لێکدراو، هه‌ردووکیشیان یه‌ک واتایه‌ن هه‌یه‌. وشه‌ی «هه‌وار» یش پێده‌چێت هه‌ر هه‌مان ڕیتم بێت له‌ «هاوینه‌وار» ه‌وه‌ هاتبێت، پرسیاری «هه» یه‌که‌م کرد به‌ڵام وه‌ڵامێکی دروستم ده‌ست نه‌که‌وت. وشه‌ی «چێوار» له‌ قه‌ره‌داخ و به‌شێکی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش به‌ یه‌کێک که‌ «چێڵ دار» بێت ده‌گوترێت، جا من نازانم ئه‌مه‌ له‌و «جێ - وار» ه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ مانگا تێیدا ده‌گه‌ڕێت یاخود پیشه‌که‌یه‌. ئه‌م سه‌رنجه‌ش ده‌مانبات بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م وشه‌ی «وار» ه‌ش جیاواز بێت‌ له‌ پاشگری «وار» که‌ ده‌چێته‌ کۆتایی وشه‌، وه‌ک [له‌ زاراوه‌سازیدا باس له «وار» ده‌کات – کۆنه‌وار، کوێره‌وار، کۆڵه‌وار...].

بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ «بێرمکه»، کاک حەمەدئەمین ناونیشانی دۆستێکی خۆی دابووینی کە لە بێرمکە بوو بە ناوی «حەوڵای پور ئەستی (بە زاراوەی خۆیان)« کە سەرەدانی بکەین و لەوێ بمێنینەوە، لە ڕێدا توشی مام ئه‌حمه‌دێک بووین، باڵا بەرزێکی ڕەشتاڵەی باریک کە چەند دانێکی لە دەمدا مابوو، زۆر قسەی خۆش بوو، دیار بوو بە دیار ماڵاتەکەیەوە بوو، ڕەشماڵەکەشی هێشتا هەڵنەدرابوو چاوەڕێی ماڵ و منداڵ بوو کە بڕیار بوو بۆ نیوەڕۆ بگەنە لای. زۆری لێکردین کە لای بمێینەوە و گوتی گیسکێکیشتان بۆ سەر دەبڕم، بەڵام ئێمە مانەوەمان نەسەلماند، کاک شەماڵیش کەوتەوه‌ بەزمەکەی که‌ لەگەڵ کاک ئیسماعیل کردی. مام ئه‌حمەدیش دیاربوو هەر زۆر کەیفی بەو باسە دەهات و گەرمیان کرد، پاش کەمێک پێکەنین و قسەی خۆش ئەوجا کامێرام بۆ هەڵکرد بەمەبەستی کۆکردنەوەی هەندێک ناوی ئەم ناوچەیەش، فەرموون ئەمەش چەند ناوێکن تەنها لە دەورووبەری ئێمە کە هەمووی چەند سەد مەترێکە،

»سەربەدەرە، کەپکی کانی واری باسکێ (کەپک واتە لووتکە)، حەوشی کونە کنێر، تەپکی ئاڵایێ، کەپکی گۆمە گایێ، سەرموغارێ، دۆدەنەمان، کەڵکەسیر، کەپکی ئەحمەدا، کانیە کوڵە، بابەکرە شەل، واری کونە شاوری، کونەتێل، گۆڕە سپی، باسکە درێژە«. جگە لەوەی بەرد بە بەردیش ناوی خۆی هەیە. ئەو ناوانە من وەک خۆی نووسیونەوە، مام ئه‌حمه‌د چۆنی گوتبێت ئەوەم نووسیوە.

هەر گردێک ئەودیوی مام ئه‌حمەد دوو گۆڕی دیکە بوون لە تەنیشتی یەک، بە جێیەکی کە تەختایی بێت و دەوری بەرزایی بن و کەمێک فرەوان بێت پێی دەڵین «گۆڕ« ماڵی دۆستەکەی کاک حەمە ئەمین بوو، کە چوینە لایان دیار بوو کاک حەوڵا لە ماڵ نەبوو چووبوە بناری قەندیل بۆ هێنانی باری دووهەم، زۆر بێحاڵ بوون، ئێمەش لەبەر ماندوو بوون لە ژێر ڕەشماڵدا پشوویەکمان دا و من یەکەم کەس بووم جێم خۆش کرد و به‌ ده‌نگی خوێندنی که‌و که‌ سه‌ریان به‌ به‌ڕه‌یه‌کی ته‌نک داپۆشیبوون له‌ ترسی دۆستان، سەرەخەوێکمان بۆ شکاند، پاشان چایەکی خۆشمان خواردەوە و ئیدی گیر نەبووین، دەبەی ئاوەکانمان پڕ کردوو و ماڵئاواییمان کرد و بەشوێنی خۆماندا سڵاوێکمان لە مام محەمەد کردەوە و بە کەڵکی سیردا وردە وردە لە ڕێیەکی خۆشی ستوونیەوە بەرەو کوێستانەکانی دۆڵە ڕەقە شۆڕ بووینەوە، ئەم جێیەش تەواو بەرەو ڕۆژاوایە و بەرانبەر چیای «ماکۆک»ە.

سه‌رنجێکم بیر چوو که‌ باسی بکه‌م، کاتێک له‌ زینوی گوێزێ نێزیک ده‌بووینه‌وه‌، ئیدی ده‌نگی که‌و دونیای پڕ ده‌کرد، بۆ ڕۆژی دوایی سه‌رنجمان دا که‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ سنووری براده‌رانی گه‌ریلایه‌، له‌ ته‌واوی ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا ڕاو کردن تابووه‌، هه‌ر بۆیه‌شه‌ خزمان که‌وه‌کانیان داپۆشیبوو، چونکه‌ گه‌ر یه‌کێک بۆ ڕاو بێته‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ هه‌ر زوو ده‌ستگیری ده‌که‌ن، ئه‌وه‌ ساڵی پاریش له‌ گه‌شتێکماندا بۆ پشت شاخی «بێترخێن»، توشیان هاتین و هه‌ر زوو پرسیاری مه‌به‌ستی گه‌شته‌که‌یان لێکردین، پاش ئه‌وه‌ی که‌ دڵنیا بوون که‌ ئێمه‌ ته‌نها به‌ سروشتدا ده‌گه‌ڕێین و ڕاوچی نین، ئیدی سنووریان بۆ کردینه‌وه‌ و هانیان داین که‌ تا ده‌توانین به‌ وه‌ڵاتدا بگه‌ڕێین بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر هۆگری وه‌ڵات ببین.

سه‌رنجێکی دیکه‌ش هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شبوونی کوێستانه‌کان، گوندی پیرانان که‌ دواهه‌مین گونده‌ له‌ پشده‌ره‌ڕه‌قه‌، دێنه‌ کوێستانه‌کانی «وێج» و هه‌ندێکیشیان بۆ بێرمکه‌، که‌ به‌فر نامێنێت ئه‌وجا ده‌چنه‌ کوێستانه‌کانی قه‌ندیل. گونده‌کانی دیکه‌ی سه‌ر به‌ تیره‌ی مه‌نده‌مه‌ره‌، هه‌مووان هه‌واری تایبه‌تیان هه‌یه‌ له‌ کوێستانه‌کانی قه‌ندیل، زۆر سه‌یره‌، دۆستانی ناوده‌شت خۆیان گونده‌کانیان له‌ بناری قه‌ندیله‌، به‌ڵام سه‌ر شاخه‌کان هه‌مووی هی مه‌نده‌مه‌ره‌ییانه‌، ئه‌مه‌ش له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ هه‌ر به‌و په‌یڕه‌وه‌ ده‌ڕوات.

بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ «که‌ڵکی سیرێ»، لێرەشەوە دیمەنێکە هەر دڵت نایەت چاوی لێ بتروکێنیت. وردە وردە بە دەم وێنە گرتنەوە بەڕێگەیەکی پێچاوپێچی دروست کراودا بەرەو دامێن شۆڕ دەبووینەوە، مرۆڤ دڵی نایهێنێت یەک ساتیش چاو لەو دیمەنانە داببڕێت، لە بەرزاییەوە پەڵەپەڵە سەوزاییمان دەبینی و کە زیاتر دادەبەزین لە بەرزایی ئەوجا ڕەشماڵ یان کەپرەکان وەدەردەکەوتن، ئەوانە هەمووی هەواری کوێستاننیشینەکان بوون.

سروشتی ئەم چیایە بە شێوەیەک بوو کە هەمووی دۆڵ دۆڵە، نێوان دۆڵەکان ئەوەندە بەفری تێداماوەتەوە بەشی هەرە زۆری بە بەردی سپی سەنگڕێژکراوە، پێی دەڵێن »بەستاڕ«. یەکەم وێستگەمان