گەشتێکی دڵگیر بۆ Preikestolen،

دیسانەوە گڕوتینی گەڕان بە سروشت و هەڵگەڕان بەچیادا خوتخوتەی دەرون دەدات و گەشتێک بۆ ئارامی و دوور لە شار و دیداری چیا و چۆڵ و گژوگیا و سەوزایی و تاوێر نۆرەی گەیشتۆتێ. ئەم جارەیان بەهۆی جێگیربوونەوەم لە دەرەوەی وەڵات بۆ ماوەیەک و هەڵکەوتنی دەرفەت بۆ بەسەرکردنەوەی جوانی سروشتی وەڵاتی نۆروێژ کە من بە ناو ماوەی پازدە ساڵە نیشتەجێی ئەم وەڵاتەم بەڵام سەرگەرمی کار و سەفەری بەردەوام هەمیشە بەربەست بوو بۆ گەڕان بەناو سروشتی یەکێک لە جوانترین وەڵاتەکانی دونیادا لە کاتێکدا نشیمەنی دوەمی خۆمە.

ئەمجارەیان سەردانی Preikestolen (کە بەزمانی خۆمان دەکاتەوە «سەکۆی گوتار»)م هەڵبژارد کە سەردانی گەشتیارانی ساڵانەی لە پلەی یەکەمین دایە لەسەر ئاستی وەڵات. جگە لەوە دیتنی یەکەم وێنەی ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە ساڵنامەیەکدا لە ماڵی خۆمان کە وێنەی یەکێک لە مانگەکانی پێکهێنابوو. ئەم جێیە دەکەوێتە سنووری شاری ستاڤانگەر لە ئوستانی ڕۆگەلاند کە دانیشتوانەکەی نێزیکەی 454 هەزار کەسە و سروشتێكی شاخاوی و پڕ دەریاچە و تاڤگە و ئاژەڵی کێویە، دەکەوێتە باشووری ڕۆژاوای وەڵاتەوە. ئەم ئوستانە چەندین شوێنی دیکەی بەناوبانگی گەشتیاری هەیە کە ئێرە شوێنی باس کردنی نیە.

دروست بوونی ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ چاخی سەهۆڵبەندان کە نێزیکەی دە هەزار ساڵێک لەمەوبەر پاش توانەوەی سەهۆڵ دروست بووە. بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریاوە 604 مەترە و ڕووبەرەکەی نێزیکەی 25 بە 25 مەتری دوجایە. ئەم شوێنە لە سەرەتای سەدەی ڕابوردووەوە وەک شوێنی گەشتیاری ناوزەد کراوە و ساڵانە زیاتر لە سەد هەزار گەشتیار دەچێتە دیدەنی و ژمارەش لە هەڵکشاندایە. هەموو وردەکارییەک دەربارەی ئەم شوێنە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا پەخشانە، بۆیە پێویست بە زیاتر درێژکردنەوە ناکات.

لەگەڵ لارا خانمی کچم ڕێکەوتین کە سەردانێکی دووڕۆژە ڕێکبخەین لە کۆتایی هەفتەدا، بلیتی قەتار بە ڕادان درا و بڕیار بوو شەو لە سروشتدا بمێنینەوە بەڵام بەرنامەکە هەر زوو گۆڕدراو هۆتێلیش ساز بوو. بەڵام مەودای نێوان پێتەخت و شاری ستاڤانگەر نێزیکەی هەشت سەعاتێکە بە قەتار بۆیە شەوی هەینی لە سەر شەممە ڕێکەوتی 26/07/2013 سەعات 10:23 ی شەو لە فارگۆنی تایبەتدا جێخەومان بە ڕادان دابوو، هۆدەکەشمان زۆر ئاسوودە و ئارام و خزمەتگوزاریەکی باشی هەبوو، هەر پاش سەعاتێک خەوتین و سەرلەبەیانی سەعات 07:25 گەیشتینە ئیزگەی قەتاری شار.

لەوێشەوە چوینە هۆتێل کە سەد مەترێک لە ئیزگەی قەتارەوە دوور بوو، جانتامان لە هۆتێل دانا و ڕووە و بەندەری Fiskepir کە دە دەقیقەیەک بە پێ دوور بوو کەوتینە ڕێ، کۆڵەپشتێکمان لەگەڵ خۆ بردبوو کە ئاوی خواردنەوە، شیرینی و خواردنی تێدا بوو. سەعاتی 8:45 کەشتی تایبەت هاتە شوێنی مەبەست و ڕووە Tau بەڕێکەوتین. کەشتیەکە پێنج نهۆمی بوو، دوو نهۆمی یەکەم بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل بوو و سێیەکی دیکەش جێی دانیشتن و کافتریا و شوێنی کارمەندانی تێدابوو. لە پاپۆڕەکەدا بلیتمان کڕی و هەر ئەوەندەی قاوەخواردنەوەیەک و گرتنی چەند وێنەیەک گەیشتنە شوێنی مەبەست، لەوێش پاسی تایبەت ئامادەیە ڕووەو دواوێستگەی Preikestolenhytta، ئەوەش نێزیکەی نیوسەعاتێکی خایاند. لە ڕێدا بەکەنار زەریایەکی سەوز و  چیای و بەرزی زۆر سەرنجڕاکێشدا دەڕۆیشتین، لە زەریاکەدا چەند بازنەیەکی گەورەمان بینی کە شوێنی ماسی بەخێوکردن بوو. بیرۆکەی بەخێوکردنی ماسی دەگەڕێتەوە بۆ نێزیکەی 2500 ساڵ پێش زاین لە چینەوە سەری هەڵداوە. پەرەسەندنی بەخێوکردنی ماسی لە نۆروێژدا دەگەڕێتەوە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو، لە ئێستەشدا هەناردەی ماسی یەکێکە لە کۆڵەکەسەرەکییەکانی ئابووری وەڵات، بەتایبەت هەردووجۆری لاکس (سەلەمۆن) و ئۆرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی 2009 پێشانی دەدات کە هەڵکشانی بەخێوکردنی ماسی لە ساڵی 1993 کە 175،000 تۆن بووە لە ساڵی 2009 گەیشتۆتە 960.000 تۆن، دەکاتە نێزیکەی 26 ملیارد کرۆنی نۆروێژی دەرامەد. لە دەریاچەی دووکانیشدا شوێنێکی زۆر لەبارە گەر مرۆ دەستی لێ هەڵبماڵێت بۆ بەگەڕخستنی ئەم کارە، پرۆژەی لەم بابەتە سوودی زۆری دەبێت لە ڕووی دارایی و ساخڵەمی خۆراکیەوە بۆ کۆمەڵگە، هەموو زانیارییەکیش دەربارەی ئەم پرۆژەیە لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بەردەستە*.

بگەڕێینەوە بۆ ناو پاسەکە، پێموابوو جگە لە ئێمە تەواوی سەرنیشینەکان گەشتیاری وەڵاتانی دیکەبوون، پێش گەیشتنمان بە دوا شوێنی مەبەست، ڕێی ئۆتۆمبێلەکە تەواو باریک بوەوە، چونکە ئەم جاددەیە ڕووە و دوا وێستگە دەچێت و تایبەت بۆ ئەم شوێنە گەشتیارییە لە ساڵی 1961 دا دروست کراوە. ڕێیەکە بەجۆرێک باریک بوو گەر ئۆتۆمبێلی ڕووبەڕو بهاتابایە دەبوو لابدات و تا ئێمە ڕەت ببین، پێش دوا وێستگە لە جێیەک لەسەر جادەکە وەستا، تومەز ئەمە گەراجی ئۆتۆمبێلە بۆ گەشتیاران، لەوێ ماشینەکانیان پارک دەکەن و لێشی دەمێننەوە، چونکە لە دوا وێستگە جێی وەستانی ئۆتۆمبێل سنووردارە. خەڵکانێکی زۆر سواری پاسەکە بوون و هەموو بە پێوە ڕاوەستابوون چونکە شوێنی دانیشتن نەمابوو. پاش دە دەقیقە ڕۆیشتن، بە شوێنی مەبەست گەیشتین.

لەگەڵ دابەزین، تابلۆی تایبەت دانراوە کە نەخشە و وردەکاری گەشتەکەی تێدایە، گەشتیاران تێی هوروکان و ئێمەش حەوسەڵەی ئەو وەستان و وێنەگرتنەمان نەبوو، زوو بەڕێکەوتین. گەشتیارانی ئاسیایی بەتایبەت ژاپۆنی مەشهورن بە وێنەگری چالاک، هەنگاو بە هەنگاو وێنە دەگرن و هەریەکەش دەیەوێت بە کامێراکەی خۆشی وێنە بگرێت، واتە هەر چەندێک بن دەبێت هەمان وێنە بە کامێرای هەموان بگیرێت. گەشتیارەکان بەشێکیان لەو خزمانە بوون لەبەر ئەوە ئێمە نەوەستاین.

دەستپێکی یەکەم، هەورازێکی سەختە و هەر زوو مرۆ ماندوو دەکات، منیش ماوەیەک بوو خۆم بۆ ئامادە کردبوو لەبەر ئەوە من بەهەمان ڕەوت بەردەوام بووم و لاراشم لەگەڵ خۆمدا کێشا تا چوینە پێشی هەموو پیادەڕەوەکان. کە گەیشتینە سەرەوە، لارا خانم دەستی کرد بە بۆڵە بۆڵ و پێم دێشێ و هیلاکم و تینومە و تا دوایی، کەمێک چاوەڕێم کرد تا ئارام بوەوە و دەستمان کردەوە بە ڕۆیشتن. ڕەوتی ڕێیەکە نەرم نەرم هەڵدەکشا و ماندوو بوونی تێدانەبوو، ڕێیەکەش ئەوەی بەردبوو هیچ و ئەوی دیکە لە زۆر شوێندا بەردڕێژ کرابوو و هەندێک شوێنیش کە نەم (شێ)ی هەبوو یان بەشێکی زۆنگ بوو، ڕێی تایبەتی تەختەڕێژی بۆ کرابوو، لە هەندێک شوێندا نێزیکی سەد مەترێک دەبۆوە. لە هەورزاکانیشدا کە شاخەکە سەخت بوایە و بە وشکەکەڵەک پلیکانەیان بۆ دروست کردبوو، لە چەند شوێنێکدا بە بەرزایی چەند مەترێک ئەم پلانە دەبینران، بەڕاستی بۆ منیش زۆر هەراسانکەر بوو، چونکە خۆی لە خۆیدا سەرکەوتن بە پلیکانەدا ناخۆشە ئەوجا بە کەڵەکەبەردیش بێت!.

تەواوی ڕێیەکە بە ناو دارستاندا بوو جگە لە هەندێ شوێنی کەم نەبێت کە ڕووتەن بوو تا گەیشتینە بەرزاییەک لە چیاکەدا کە ڕێیەکەی بەهەمان بەرزایی بە کەمێک چاڵ و چۆڵیدا ڕووە و ئامانج درێژدەبووە. دارستان نەما و هەر سەوزایی و گۆمی ئاو بوو. تەواوی زەویش لە هەموو شوێنێکدا بە گیای چڕ و گوڵی هەمەڕەنگ پۆشرابوو، بەشێوەیەک کە پێت لەسەر دادەنا هەستت بە نەرمییەکی ئاسودەبەخش دەکرد تەنانەت سەربەردەکانیش لە زۆر شوێندا بە بەرزی چەند سانتیمەترێک جۆرەسەوزییەکی لەسەر بوو کە تەواو نەرمیبەخش بوو.

لە تەواوی ڕێگەکەدا ماوە ماوە تابلۆیەک لە دار چەقێنراو یان لەسەر بەرد داکوتراو زانیاری بەرزی، ماوە و ناوی شوێنەکەی دەدایتێ. ئەمەش بۆ ڕێبواران ئومێد و ئارامبەخشە. چونکە بەگشتی خەڵکی شار فێری سەرکەوتن و هەڵزنان بە چیادا نین و زوو هەست بە ماندوو بوون دەکەن، بەتایبەتیش گەشتیاران بەشێکی زۆریان تەمەنیان لە سەروو سی ساڵییەوەیە. ئێمەش بەدەم وێنەگرتن و وردبوونەوە لە دیمەنی دڵبەری سروشتەوە ڕێمان دەکرد و تا گۆمە ئاوەکانمان تێپەڕاند، دواتر لە دورێکی دورەوە دەنگی هاژەی ئاو دەهات کە مژدەی تاڤگەیەکی گەورەی دەهێنا، ئەوەش ببوە ئامانجێکی زۆر نێزیک کە پەلەی بینینیم دەکرد و هەنگاوەکانم خێرا دەکرد بۆ هەرچی زووترە دەرکەوتنی ئەم دیمەنە. سەرەتا لە مەودایەکی دوورەوە دەریاچەیەکی بچووکی بە دارستانی چڕ دەورەدراو دەرکەوت و دواتر ئاوێکی دیکەش لە پشتیەوە دەرکەوت و دەنگی تاڤگەش تا دەهات زیاتر دەبوو و تەواوی ئەو ناوچەیەی داگیر کردبوو. تا لە چاڵ و چۆڵیەکان دەرچووین و بەسەر پردێکی تەختەی بچوک کە لە لێواری چیایەکی بەردین و هەڵدێرێکی بەرز بە مەحکەمی ‌هەڵواسراوبوو پەڕینەوە و تاڤگە بەدەر کەوت. تومەز سەرچاوی ئەم تاڤگەیە دەریاچەکەیە و بە بەرزایی چەند سەد مەترێک ئاو دێتە خوارەوە و چەند تاڤگەیەکی دڵگیری دروست کردوە، دیمەنەکە دوورە بەڵام بەتەواوی بەرەو دیداری دەتکێشێت. ئێمەش لەبەر سنوورداری کاتی گەشتەکەمان، هەر زوو ئەو ئاواتەم خستە لاو بە هەورازێکی بەردینی نزمدا سەرکەوتین و دیمەنی دۆڵێکی فرەوانی دوروودرێژ دەرکەوت کە ناوەڕاستەکەی پاشاوی زەریایە. هەتا دڵدەخوازێ دیتن و بیرکردنەوە لەم دیمەنە دڵفڕێن و دڵڕفێنە!، کەمێک لەوێدا وەستاین بەڵام گەیشتن بە «سەکۆی گوتار» هەر زوو لەوێشی کەندین و بەردەوام بووین لە ڕۆیشتن، پاش کەمێک خۆمان لە لێواری هەڵدێرەکاندا دیتەوەو ڕووە دیمەنە ئەفسوناویەکە.

لەو کەنارە هەڵدێرەی ڕاوەستابووین لە لای چەپمان دۆڵە ئەفسوناویەکە و لە لای ڕاستیشەوە دیمەنی دەیان گەشتیار کە سەرقاڵی وێنەگرتن و لاقشۆڕکردنەوە بەسەر هەڵدێرەکاندا بوون بە شێوەیەک دڵی بەخورپەدەخستی و هەستت دەکرد هەر ئێستا نا کەمێکی دیکە دەگەیتە دونیایەکی دیکە. بەڕاستی ساتێکی سەیرە!! زۆر سەیر!!. کەمێک چومە پێشەوە و ڕێک گەیشتمە بەرانبەری سەکۆیەکە و خەڵکانێکی زۆری لەسەر دانیشتبوو، بۆ بەدبەختی خانمێکی باڵابەرز فانیلەیەکی پرتەقاڵی لەبەر دابوو بە ئاسوودەیی هەردوو لاقی لە سەر سەکۆیەکە شۆڕکردبۆوە و دانیشتبوو، هاوڕێیەکەشی لای ئێمەوە وێنەی دەگرت، منیش زۆر دەترسام و هەر سێرەشم لێ دەگرت، ئەو ماڵکاولەش سەری بۆ لای هەردوو ئەژنۆی شۆڕکردەوە و ویستی تەماشای خوارەوە بکات، ئیدی من هەر پسام و چاوم داخست و ڕووم وەرگێڕا، بڕاوا ناکەیت چەندە ترسام!، بیستوومە دەڵێن مرۆ گەر خۆی بکەوێتە باری وەهاوە هەرگیز ترسەکەی بەقەد ئەو کەسە نیە کە دەیبینێت، دروست وەهایە و بەڕاستی منیش زۆر زۆر ترسام.

هەر زوو ڕووەو سەکۆ کەوتینەڕێی و لە ناوەڕاستیدا وەستاین و پشوویەکی کەممان دا. بە دەورماندا خەڵک دانیشتبوون و سەرقاڵی وێنەگرتن بوون. پاش کەمێک ڕوانین بەدەوروبەردا ئارام بوینەوە وردە وردە نێزیکی لێوارەکان بوینەوە. یەکەم جار بە سنگەخشێ ڕووە و لێوار خۆم کێشا و تەماشایەکی خوارەوەم کرد، چ دیمەن، ڕێک 604 مەتر ستونی بۆ لێواری زەریایەکە، بایەکی سامداریش ڕووە و سەرەوە دەهات. دواتر چومە لێوارەکەی لای ڕاستیەوە و گوتم «دەی غیرەت لە کۆیێ»؟! کەمێکی دیکە ڕاوەستام و بە قونە خشێ پێیەکانم گەیاندە لێواری سەکۆیەکە و وردە وردە تەماشایەکی ئەملاو لام کرد و دیتم خەڵکی بۆخۆیان ئارام دانیشتوون، ئیدی منیش تەواو پێیەکانم شۆڕکردەوە بەڵام بەشی سەرەوەی لەشم بەرە و دواوە نوشتاندبۆوە، لارا خانمیش چەند وێنەیەکی لێ گرتم. من خۆم هیچ ترسێکم لە بەرزایی نیە بەڵام ئەم شوێنە تەواو جیاوازە و مرۆڤ دەبێت تەواو ئاگادار بێت، بەڵام جار جاریش سەرکێشیش تامی خۆی هەیە!. ئەم شوێنە بەهەموو شێوەیەک مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی «ترسەبەرزی»یان هەیە، چونکە بە نێزیکبوونەوە و دیتنی ئەو بەرزاییە گێژ دەبن و لە وانەیە دڵیان لەخۆ ببێتەوە.

پاش من، لارا خانم زۆر بە ئاسایی دانیشت و بە پێکەنینەوە چەند وێنەیەکی گرت، منیش وەک باوک زۆر دەترسام بەڵام بەهیچ شێوەیەک نەمخستەڕوو و ڕێگریشم لێ نەکرد، بەدڵی خۆی وێنەی گرت و پاشان کشایەوە دواوە. پێدەچێت ئەو ترس و وردەکارییەکی من پەیوەندی بە هەڵکشانی تەمەنەوە هەبێت، دەڵێن کە مرۆڤ تەمەنی هەڵدەکشێت ژیانی لا خۆشەویستر دەبێت و زیاتر وردەکار دەبێت، من خۆم بیرم لەوە نەکردۆتەوە و هەستیشم پێنەکردوە بەڵام لەوانەیە ڕاستییەکەی ئەوە بێت. دەی پێشینیان گوتویان «پیری و هەزار عەیب» ئەوەش دەبێتە یەک لە عەیبەکان! منیش گوێم نەدایتێ و دوای گوتە مەشهورەکەی «لە پیاوان دەقەومێ!» دەکەوم.

پاش وچانێکی کەم بەرزییەکی دیکە لەسەروو ئەم سەکۆیەوە هەبوو کە زۆر دڵگیر بوو، بڕیاری سەرکەوتنم بۆ ئەوێ داو هەر زوو لارا خانم کردییە هەرا، پێڵاوەکانی لە پێی کردبۆوە و لێی دانیشتبوو، دەیگوت من یەک هەنگاوی دیکە نایەم، منیش کەمێکی لێ دڵمەند بووم. بەڵام ئەویش بەشێکی لە تەنبەڵی بوو و بەشەکەی دیکەش ماوەیەکە ئێسکێکی زێدە لە بەشی دواوەی پێی لەسەرو پاژنەوە هاتووە و تەواو هەراسانی دەکات بۆ ڕۆیشتنی دوور، ئەم دەردەش لە لەپێکردنی پێڵاوی تەکسەوە توش دێت. بەڵام منیش ڕاهاتووم لە سروشدا بە زەحمەت بۆچونی دیکە دەسەلمێنم، بەقسەی خۆش و توند و دڵڕازیکەر لێی سەلماندم و بە بۆڵە بۆڵ لەگەڵم هات، گەیشتنە بەرزاییەکەی پشتمان کە دەبوایە بۆی بسوڕێینەوە و ئەوجا هەڵگەڕێین، لەوێ هەر زوو پاڵی دایەوە و کەمێک خواردن و خواردنەوەمان بە تەماشای ئەو دیمەنە نازدارەوە خوارد و هەندێک وێنەی دیکەشمان گرت. بەو بەرزایەشەوە کزەیەکی دەهات و هەر زوو داوای چاکەتە بانەبڕەکەی منی کرد چونکە هی خۆی بیرچوو بوو، منیش ناچار پێمدا و گوتی من دەخەوم. ئێ، منیش لەو سروشتەدا جێ بەخۆم ناگرم، کۆڵەپشتییەکەم بۆ جێهێشت و گوتم من زیاتر بەسەر دەکەوم و بۆ گرتنی وێنە و تەماشای دیمەنی دیکە. ئەو ڕاکشاو منیش ڕێم بۆ کرایەوە بە دڵی خۆم ڕووەو هەوراز هەنگاوی خێرا بنێم کە ڕۆیشتنی خێرا بە هەورزادا یەکێکە لە ئارەزووەکانم. بەدڵی خۆم بە هەنگاوی خێرا و جار جار باز بازێن بە سەر تاوێراندا ڕووە و هەورازتر ڕێم کرد و بەدەم ڕێیەوە چەند وێنەیەکی زۆر تایبەتم گرت، هەتا دەڕۆیشتیت دیمەنەکان زیاتر دڵبەر دەبوون و هەنگاو بە هەنگاو جیاوازتر بوون. لە بەرزاییەکەی 705 مەتر ب.ل.د (بەرز لە ڕووی دەریاوە)، لە تەنیشتاری چیاوە هەڵدێر و لە بەرانبەرت چیای سەوزی تاڤگەدار لە دورەوە بە جوانی دەدیتران، زەریایەکی درێژ بە پانتایی دۆڵێکی پان و بەرین هەتا چاو بڕ دەکات ڕووەو باکووری ڕۆژهەڵات، بە دیوی باکووریشدا چەندین بەرزایی چیای ڕوپۆش بە دارستان و زەریاچەیدار، دیمەنێکی ئەوەندە ئەفسوناویی بوو بە نووسین نایەتە باس کردن، لەگەڵ هەنگاوی نوێشدا لە دەورووبەرم گۆمی ئاو تێکەڵ بە تاوێری گەورە و گابەرد، دیمەنێکی وەهایان دروست دەکرد هەر دەبێت چاو بیبینێت و دڵ و دەرون تێیدا خەیاڵبازی بکات! ناو ناوەش ڕێبواران بەردیان لەسەر یەک نابوون و لە هەندێ شوێندا بە ئەندازەی دوو مەتر بەرز بوبونەوە. ئەم بەرد سەریەکنانە ئارەزوویەکی شاخاوانانە و لە سەر لووتکەی پیرەمەگرونیش هەمان شێوەم دیتوون بەڵام بە ئەندازی بچوک کە لە چەند بەردێک تێپەڕی نەدەکرد.

هەر بەم خەیاڵە خۆشانەوە لە لووتکەیەکدا تەماشای دەریاچە و تاڤگەکەی یەکەم جارم دەکرد، لەپڕ هەورێک بە خێراییەکی بەرچاو دەهاتە پێش دیمەنەکە و دایپۆشی، منیش فریا کەوتم کە چەند سانیەیەکی بە ڤیدیۆ لێ هەڵبگرم. کەمێکی دیکەش ڕۆیشتم تەماشام کرد گەیشتومەتە چیای سەر یەکەم گۆمەکانی پاش دارستانەکەی لە هاتنماندا بە تەنیشتیاندا تێپەڕین، ئیدی بڕیارم دا کە پێویست بە بە گەڕانەوەم ناکات، زەنگم بۆ لارا خانم کرد و داوام لێ کرد خۆی تەنها بە ڕێیەکەدا بگەڕێتەوە. چونکە لە توانای دڵنیابووم، خۆم دەیناسم، زۆر ئازا و نەترسە، بەڵام ئەو بۆڵەبۆڵەی هی باوک و کچیەتییە و منیش زۆر گوێی نادەمێ بۆیە ئەم جارە کۆڵەپشتەکەشم لە پشت ناو ئەویش وەها ئازایانە گەڕابوەوە لە ڕێدا یەکترمان نەگرتەوە تا پێش یەکەم هەوراز جێی دەستپێک، ناو ناوە هەوڵمان دەدا بە تەلەفۆن یەکدی بدۆزینەوە چونکە ئەو بەڕێیەکەدا دەگەڕایەوە و ئەویش خوی باوکی هەیە چونکە نەیدەتوانی کەمێ لە جێیەک بوەستێ تا منی دەگەمێ، هەر دەڕۆیشت و تا دوا جار من بە خێراییەکی زۆر ڕێم کرد و گرتمەوە.

بگەڕێمەوە بۆ سەر چیایەکە، بە دڵی خۆم بە چواردەوردا دەمڕوانی و تەواو بەشی کۆتایی ڕوتەنی ڕێیەکەی پێیدا هاتین لە بەردەممدا بوو، ئێمە کە هایتن کاتی سەرلەبەیانی بوو لەوە دەچوو دوەم کاروان بین، ئێمەش ڕێمان بە خێرایی دەکرد لەبەر ئەوە جگە لەو کەسانەی کە دەگەڕانەوە کە هەندێکیان شەو لە وێ مابوونەوە، تاک و تەرایەکمان لە پێشمانەوە هەبوون، بەڵام پاش ئێمە ڕێک وەک شارە مێرولەی لێهاتبوو، ڕێیەکە ئەوەندەی ڕێبواری پێوەبوو و یەک لە دوای یەک دەڕۆیشتن بێ پچڕانەوە، منیش دڵنیا بووم لە گەڕانەوەی لارا و بەدڵی خۆم بە ناو ئەو چیایانەدا هاتمە خوارەوە و لە گیا و گوڵ ورد دەبوومەوە وێنەم دەگرتن. لاڕێیەکی بچوکم لێ دەرکەوت خەریک بوو ئەو ڕێیە بگرمە بەر بەڵام لەبەر لارا خانم و لەترسی درەنگکەوتنم ڕووە دارستانەکە ڕێم گۆڕی و چومەوە سەر ڕێی ئاسایی، بەڵام قەرەباڵەخی ڕێیەکە و ویستی منیش بۆ خێرا ڕۆیشتن یەکیان نەدەگرتەوە و کەمێک هەراسان و ماندووی کردم. لە دوا قۆناخی گەشتەکەدا یەکمان گرتەوە و پێکەوە خێرا خێرا ڕێمان کرد و لە دەقیقەی کۆتاییدا گەیشتینە پاسەکە و ڕوەو کەشتیەکە کەوتینەوە ڕێ، لەوێشەوە بۆ شاری ستاڤانگەر.

پاش گەیشتنەوەمان پیادە بە ناو کۆنە سەنتەری شاردا ڕووە و هۆتێلەکەمان ڕێمان کرد، بەڕاستی هەر دەتگوت لە وەڵاتێکی دیکەداین. سەنتەری ئەم شارە و باڵەخانەکانی لەسەر هەمان شێوەی کۆنی هێڵراوەتەوە کۆڵانی باریک دێنەوە سەر شاڕێیەکان، بەڕاستی زۆر دڵگیرە. لە کەناری شاردا شەقامەڕێیەک هەیە و ئەو ڕۆژە ڤیستیڤاڵێکی تایبەتی لێ بوو، ئێمەش پاش پشوویەکی کەم لە هۆتێلەکە و دوش گرتن، سەردانێکی ڤێستیڤاڵەکەمان کرد و بە هەزاران کەس بە جلی ئاهەنگ و ڕەنگینەوە لە ڕێستورانت و سەرشەقامەکان دانیشتبوون و لەگەڵ نۆشینی خوارنەوە و خواردندا و لەژێر میوزیکی شاد بە دەنگی بەرزدا سەرقاڵی ڕابواردن بوون، لە لایەکی دیکەی شەقامەکەشەوە چادری گەورە هەڵدرابوون و خواردنی هەمەجۆری وەڵاتان فرەفەرهەنگیەکی نەخشاندبوو، چڕە دوکەڵ لە برژان و دروست کردنی خواردنەوە هەڵدەستا تێکەڵ بە دەنگی میوزیک و کەیف و سەمای خەڵکی، دیمەنێکی زۆر سەرنجڕاکێشی دەنواند کە بۆ من لە مێژوو بوو ئەو جۆرە بۆنانەم نەدیتبوون. لە ناو زەریاکەشدا بەلەمی گەورە و بچوک دانرابوون و کرابوونە ڕێستورانت و شوێنی دانیشتن.

بەڕاستی بۆ من لە ڕوویەکەوە زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە ئەم هەموو خەڵکە لە وەڵاتانی جیاواز و فەرهەنگی جوداوە پێکەوە شادی دەگێڕن. دەردی بەراوەردکردنەکەش هەرگیز لە یەخەمان نابێتەوە و ڕێک دەیچەرخێنینەوە بۆ ئەو پێکەوە هەڵنەکردنەمان لەگەڵ یەک و نەبوونی خۆشەویستی و بەها، قەردرنەزانین و بەهەند نەگرتنی هەموو شتێک و هەزاران دەردی دیکەی وەڵاتی خۆمان کە گیرۆدەین و پێوەی دەناڵێنین، وای لەو هەناسە ساردانەی کە هەمیشە هەڵی دەکێشین بۆ میللەتی خۆمان بە ئومێدی ئارامی و ئاسوودەیی ژیانمان و کەمێک مەودافرەونیمان لە تێڕوانین و بیرکردنەوەدا و قەدرزانینمان بۆ سروشت و مێژوو هەر شتێک کە شایانی بێت.

کاروانی خەبات بۆ ئازادی وەڵات لە خوێنماندا دێت و دەچێت و ڕۆژ بە ڕۆژ گەرمتر دەبێت، بەڵام ناو ناوەش چونە ناو سروشت و دیتنی فەرهەنگی میللەتانی دیکەی پێشکەوتوو کەمێک برینان دەکولێنێتەوە و بڵندنۆڕیشنمان بۆ داهاتوو زێدەتر دەکات.

ئێمەش ڕۆژی پاشتر سەعاتی 10:20 پاش هەشت سەعات ڕێکردن بە قەتار بە ناو سروشتێکی دەوڵەتمەندی سەوزی پڕ چیا و زەریا و زەریاچە و چەم و دیمەنی وەها کەممانەندا ڕووە هەوارگەی خۆمان گەڕاینەوە. بە ئومێدی گەشتێکی دیکە بۆ ناو سروشت.

کاروان عارف

2013.08.11

ئۆسلۆ – نۆروێژ

 

کلیکی ئێرە بکە بۆ دیتنی وێنەکانی گەشتەکە

کیلی ئێرە بکە بۆ دیتنی گرتە ڤیدیۆییەکان.

تێبینی/

* بە نووسینی وشەی « Fish farming» لە گۆگڵ و یوتوب دا، زانیاری لەسەر بەخێوکردنی ماسی لە زەریادا پەیدا دەکەیت.